نادیە کەریم

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Photo 2024-01.jpg

نووسەرو هۆزانەوان

نادیە کەریم، لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و باوەڕ بە ئازادیبوونی ژن، لە ڕۆژی 14-12-1960، لە شاری کۆیە، لە گەڕەکی قەڵات، لە دایکبووە. هەر لە منداڵییەوە جیاواز لە هاوڕێکانی کۆمەڵێ بەهرە و توانای جوان و هونەری تێیدا سەری هەڵداوە.

لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییدا، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتاویەک، بەهرەی گۆرانی وتنی تێدا دەردەکەوێت، لە بۆ چالاکییەکانی قوتابخانەکاندا بەشداری کردووە، لە ئاهەنگی نەورۆزدا بە سروودی (کوردە دڵخۆشم من بە نەورۆزم)، لە هۆنراوەی ست نەجات عەبدولڕەحمان بەشداری دەکات، لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە.

لە ساڵی 1971، لە بۆنەو ئاهەنگەکان و فێستیڤاڵی قوتابخانەکاندا هەم وەک گۆرانیبێژ، هەم وەک نمایشکەر، لە هەردوو گۆرانی (چوار وەرزی ساڵ) و( ئەمیرەکەم )بەشدار دەبێت.

لە ساڵی1972 ، دەبێتە یەکێک لە ئەندامەکانی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، وەک کۆرس بەشدار دەبێت، لە ساڵانی هەزار و نۆسەد و حەفتا و دوو، هەزار و نۆسەد و حەفتا و سێ، هەزار و نۆسەد و حەفتا و چواردا، بۆ کاری هونەری لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیەدا وەکوو کچێک سێ جار سەفەری بەغداو، جارێکیشیان سەفەری کەرکووکی کردووە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەری.

24 ss89S.jpg

لە کەرکووک، چەند بەرهەمێکیان بۆ تەلەڤیزیۆنی کەرکووک تۆمار کرد، یەکێک لەوانە گۆرانی (بزمارە و بزمارە)، کەناوبانگێکی زۆری دەرکرد لە سەرەتای حەفتاکان.

لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک، وەک کۆرس بەشداری کردووە لەگەڵ هونەرمەندان سەڵاح پشدەری، شەوکەت ڕەشید دلێر سادق، ئیسماعیل عەبدوڵڵا، وریا عوسمان.

وەک یەکەم گرووپی کچ، نادیە خان کە بەشدار بووە وەک کۆرس، لە شاری کۆیە، لە تۆمارکردنی تەلەفزیۆنەکانی کەرکووک و بەغدا، ئەو پشکەی بەرکەوت کە توانی مێژوویەکی جوان و پڕ لە هونەر تۆمار بکات بۆ خۆی.

لە ساڵی 1973، وەک کۆرس چەند گۆرانییەک تۆمار دەکەن لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لە شاری بەغدا، گۆرانییەکان،( ئەی شۆڕێ عەمرم شۆڕێ) لە وتنی کۆرس، ( پەروانە )لە وتنی ئیبراهیم سابیر، گۆرانی( ڕەنگی زەردم) کۆرس، (شلەو خانان) کۆرس، لە گەڵ مەقامێکی هونەرمەند سەڵاح محەمەد.

Photo 2024-01-15 20.jpg

لە ساڵی 1974، وەک کۆرس لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، بەشداری (میهرەجانی یەکەمی هونەری کوردی )دەکات لە بەغدا، لە هۆڵی خولد.

هەر لە ساڵی 1974، لە میهرەجانی یەکەمی هونەری کوردیدا، شانۆگەرییەک پێشکەش دەکرێت ڕۆژی دوای میهرەجانەکە، نادیە خان وەک گۆرانیبێژێک داوای لێ دەکرێ لە پشتی شانۆوە گۆرانییەک بڵێت لەگەڵ دوو لە هاوڕێکانی، شانۆگەری (پردی وڵات)، گۆرانی( گوڵێ هەینار هەینار هەینارێ).

لە ساڵی 1974، لە ئاهەنگێک لە مەکتەبی قادریە لە شاری کۆیە، تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە ئاهەنگەکەی ساز کردبوو، نادیە خان بە یەکێک لە گۆرانییەکانی قادر کابان،( ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد ) بەشداری کردووە، لە هەمان ئاهەنگ هونەرمەند حەمە جەزا بەشداری کردووە.

نادیەخان لە هەموو چالاکی قوتابخانەکان، لە ساڵانی1971 تاوەکوو 1974 بەشداری کردووە لە ڤیستڤاڵ و کەشافە و نمایشەکانی قوتابخانە.

لە ساڵی1971 لە فێستیڤاڵێکی قوتابخانەکان بەشدار دەبێت بە ناوی (چوار وەرزی ساڵ) کە خۆی دەوری پاییز دەبینێت لەگەڵ سێ کچی تر، ئەوانیش زستان و بەهار و هاوین، نادیەخان گۆرانییەکەی چوار وەرزی ساڵ بە دەنگی خۆی تۆمار دەکات لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە لە قوتابخانە، لە کاتی نمایشەکە لە گۆڕەپانی کۆیە بە تەسجیل لێدرایەوە، لە کاتی نمایشکردندا نادیە کەریم دەوری پاییز و ئاواز جەنگی دەوری زستان و نەشمیل واحید دەوری بەهار و ڕووجوان تاهیر دەوری هاوینیان بینیوە.

لە ساڵی 1971 لە نمایشێکی قوتابخانەدا بەشدار دەبێت بە ناوی (ئەمیرەکەم )چەند کچێک دەبن جلی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر دەکەن لە دەوری بووکێک دەسووڕێنەوە، لە هەمان کاتدا گۆرانی ئەمیرەکەم بە دەنگی نادیە خان پێشتر تۆمار دەکرێت لەگەڵ تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لە گۆڕەپانی نمایشکردنەکە بە تەسجیل لێدرایەوە.

Photo 2024-01-15 20-13-44.jpg

لەبەر ئەوەی نادیە خان زۆر بەرچاو دەبێت و داوای لێ دەکرێت کە گۆرانی بە سەر ڕژێمی بەعسدا بڵێت، ئەوەش بوو بە هۆکارێکی سەرەکی کە وردە وردە بە هێمنی دوورکەوێتەوە لە بواری هونەر و گۆرانی وتندا.

وێرای ئەم هەموو چالاکییە هونەرییانەی کە بەشداری دەکرد هونەرەکەی نەیتوانی ڕێگر بێت لە خوێندنەکەی و بەردەوام سەرکەوتنی بە دەست دەهێنا، لە ساڵی 1974 کە پۆلی دووەمی ناوەندی دەبێت بە چوارەم دەردەچێت و مامۆستا چوار باخ سەعید ئەو کات دیارییەکی پێ دەبەخشێ قوماشێکی سیڕەی شین لە پای عەفوو بوونی لە دەرسی جەبر و هەندەسەدا.

لە دەفتەری یادگارییەکانیدا هەموو گۆرانییەکانی ئەو کاتی کە لە تیپی مۆسیقای باواجی کۆیەدا تۆمار کراین نووسیتیەوە بە دەست و خەتی خۆی، تاوەکو ئێستاش کە ساڵی دوو هەزار و بیست و سێیە توانیویەتی ئەو دەفتەرو یادگاریانە بپارێزێت کە پڕە لە یادگاری سەردەمی گەنجی .

Photo 2024-01-15 20-11-52.jpg

نادیە خان پۆلی سێیەمی ناوەندی لە ساڵی 1975 و پۆلی چوارەمی دواناوەندی لە ساڵی 1976 و پۆلی پێنجەمی دواناوەندی لە ساڵی 1977 هەر لە شاری کۆیە تەواو دەکات، لە پۆلی شەشەم لە ساڵی 1978 تووشی پەتایەک دەبێت، دەستی چەپی ئازارێکی بەردەوامی بۆ پەیدا دەبێت، بەردەوام لەگەڵ باوکی سەردانی دکتۆر دەکات لە شارەکانی بەغدا و مووسڵ و کەرکووک و هەولێر بەڵام بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە، تەنانەت نەخۆشیەکەشی نەناسرا تا ئەو کاتەی لە سوید لە ساڵی 1989پشکنینی بۆ دەکرێت و پێی دەڵێن ئەوە پەتای نەخۆشی دەمارە (پۆلیۆ )، هەر ئەوە بوو بووە هۆی لە دەستدانی کاتێکی زۆر و لەکیسچوونی ساڵێک لە خوێندن لە پۆلی شەشەمی زانستی و نەچوونی بۆتاقیکردنەوەکانی سەری ساڵ، لە ساڵی 1979 توانی پۆلی شەشەمی زانستی ببڕێت و کۆی نمرە حەفتا و حەفت و نیو بە دەستبهێنێت.

لە ساڵی 1980، لە کۆلێژی زانست، بەشی کیمیا،لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت، هەمان ئەو ساڵەی کە شەڕی ئێراق و ئێران دەست پێ دەکات، دوای ساڵێک زانکۆی سلێمانی دەگوازرێتەوە بۆ شاری هەولێر، پۆلی دووەم و سێیەم و چوارەم لە هەولێر تەواو دەکات، لە پۆلی چوارەمی زانکۆ هەندێک لە هاوڕێکانی لە کاتی خۆپیشاندان دەگیرێن، نادیە خانیش لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تری بڕیار دەدەن نەچن بۆ تاقیکردنەوەی سەری ساڵ تاوەکو هاوڕێکانیان بەرنەدرێن، هاورێکانی بەرنەبوون و نادیە خان و هاورێکانی مانەوە بۆ ساڵی ئایندە، لە ساڵی 1985 بکالۆریۆس لە بەشی کیمیا بە دەست دەهێنێت، لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆ لە شاری هەولێر بڕوانامەی بکالۆریۆسی لە بەشی کیمیا پێ دەبەخشرێت.

لە01-01-1983، ئەڵقەی پەنجە دەگۆڕێتەوە لەگەڵ هاوسەری ژیانی مامۆستا نەهرۆ حەمەدەمین، مامۆستای بابەتی فیزیا، لە 01-08-1984 هاوسەرگیری دەکەن.

لە ساڵی 1986، لە قوتابخانەی دواناوەندی (إنتصار)،لە شاری کۆیە، دەست بەکار دەبێت وەک مامۆستای کیمیا، لە هەمان ساڵ دەبێت بە دایکی کوڕێکی جوان بەناوی ڕێنوار، لە ساڵی 1987 دووەمین کوڕی چاوی هەڵدەهێنێ بە دنیا، بە ناوی ڕێکار. ڕێنوار دکتۆرێکی زیرەک و لێهاتووی لێدەرچووە، ڕێکاریش ئەندازیارێکی چوست و چالاک، هەردووکیان جێگای شانازیین بۆ دایک و باوکیان.

لە ساڵی 1988، ئەنفال و هەڵەبجە کاریگەری سەرەکی بوون کە وایکرد نادیە خان و باوکی مناڵەکانی بڕیار بدەن دوور بکەونەوە لە کوردستان بە ڕێگای قاچاغ بچن بۆ ئێران، لە کاتێکدا شەڕی ئێراق و ئێرانیش هەشت ساڵبوو بەردەوامبوو، هێزی لە هەموو لایەک بڕیبوو.

15 20-10-44.jpg

دوای سێ ڕۆژ بە سواری ئەسپ، لە کوردستانی باشوورەوە، بە ڕێگای قەندیل، نادیەخان خۆی و منداڵەکانی و باوکی منداڵەکانی ڕوویان کردە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە شاری نەغەدە گیرسانەوە بۆ ماوەی نۆ مانگ، دوای گەیشتنیان بۆ نەغەدە، لە ساڵی هەزار و نۆسەد و هەشتا و هەشت شەڕی ئێراق و ئێران وەستا و لێبووردنی گشتی دەرچوو لە عێراق، بەڵام ئەوان بڕیاریان دا کە نەگەڕێنەوە، لە ساڵی 1989، دوای هەوڵێکی زۆر، توانیان بگەنە سوید، بە ڕێگای فڕۆکە و ترانزێتی ڕووسیا.

لەگەڵ گەیشتنیان بۆ سوید، نادیە خان یەکەم ساڵ زمانی سویدی دەخوێنێ، ساڵی دووەم شەهادەی کوردستانی هەڵدەسەنگێنێ، دوایی لە زانکۆ دەست دەکات بە خوێندن، دەرسەکانی جگە لە زمانی سویدی بریتی بوون لە زمانی ئینگلیزی و پرۆگرامی کۆمپیوتەری بەیسیک، پرۆگرامی کۆمپیوتەری باسکال، پرۆگرامی کۆمپیوتەری فۆرتران، بۆ ماوەی سێ مانگیش پراکتیک دەکات لە تاقیگەی کیمیا لە بەشی بایۆمێدیسین لە شاری ئوپسالا.

لەم کاتەدا سوید بە زرووفێکی بێکاری تێپەڕ دەبێت، هەڵی کار زەحمەت دەبێت، خاتوو نادیە دەست دەکات بە کردنەوەی کۆمپانیا و شانبەشانی پیاوەکەی بەیەکەوە کۆمپانیا بەڕێوە دەبەن بۆ بژێوی ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکانیان، هەوڵدان و کۆششکردن بە هیوای سەرکەوتن لە دوورە وڵات ئامانج و ئاواتی هەردووکیان بوو، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە بۆیان نەڕەخسا لە بواری کیمیا و فیزیا کار بکەن، دوای چەند ساڵێک نادیە خان هەوڵ دەدات دیسانەوە بچێتەوە بەر خوێندن.

بۆ بە دەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و هەندەسە لە بواری کیمیا، لە ساڵی2005، دەستی بە خوێندن کرد، لە شاری ئیسکلستوونە، بەیانیان بەشەمەندەفەڕ هاتووچۆی دەکرد،سی و پێنج دەقیقە، ئێوارانیش گەڕانەوە بە شەمەندەفەر، سی و پێنج دەقیقە.

Photo 2024-01-15 20-10-31.jpg

دوای ئەو چەند ساڵە دابڕان لە خوێندن و گەڕانەوە بۆی لە تەمەنی چل و پێنج ساڵیدا، پێشبڕکێیەک بوو لەگەڵ خودی خۆی، هەرچەندە سەختی و ئاستەنگی زۆری دەهاتنە پێش، بەڵام ویستی نادیە خان بۆ خوێندن زاڵتر بوو، هەر بۆیە لە ساڵی 2009 توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە هەمان کاتدا هەردوو بڕوانامەی (ماستەر) لە بواری تەکنیکی کیمیا و سیڤیل( هەندەسە) لە بواری تەکنیکی کیمیا بە دەست بهێنێت.

بابەتەکانی خوێندنەکەی لە وڵاتی سوید بریتی بوون لە (بایۆئینفۆرمەتیک)،( تەکنیکی کیمیا)، (تەکنیکی میکرۆبایۆلۆجی)، (پڕۆتین و بایۆتەکنیک لەسەر ڕووی ماددە)، (تەکنیکی جینات)، (ماتماتیک بەشی یەکەم)، (ماتماتیک بەشی دووەم)، (بەشی سێیەم دیسکرێت ماتماتیک)، (فسیۆلۆجی)، (فارمەکۆلۆجی)، (پێشکەوتنی دەرمان)، (بایۆلۆجی)، (میکرۆبایۆلۆجی)، (جینات)،( تەکنیکی زاراوەی زمانی سوێدی)، (تەکنیکی زاراوەی زمانی ئینگلیزی)، بابەتی ماستەرەکەی لەسەر (بایۆتەکنیک لەسەر ڕووی ماددە) بوو.

لە کاتی خوێندنەکەیدا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە کە کاتی پشووە لە سوید، نادیەخان هاوکار بووە لە کاری کۆمپانیا لەگەڵ ماڵەوەیان.

لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، نادیە خان یەکەم کورد بووە لەو شارەی تێیدا ژیاوە( ڤێستەرۆس )،کە هاوکار بووبێت لەگەڵ پیاوەکەی لە کاری کۆمپانیا بە بەیەکەوە کاریان کردبێت، سڵی لەوە نەکردۆتەوە کارەکەی پیاوانەیە یان ژنانە، بەبێ یەک و دوو شانی داوەتە بەر کاسبی و ساردنەبۆتەوە لە کارکردن، لە کۆتایی نەوەدەکاندا، یەکەم کەبابخانە دەکاتەوە، لە شاری (ڤێستەڕۆز) بە ناوی (کەبابخانەی کوردستان) کە تاوەکوو ئێستاش هەر ماوە و هاوکارانی بەڕێوەی دەبەن، وەک تاکە ژن لە کەبابخانە، سەرنجی زۆری خەڵکی ئەو شارە و کوردانی ئەو شارەی ڕاکێشاوە، دوای تەواوکردنی خوێندنی هەوڵی بەدەستهێنانی کار دەدات لە بواری کیمیا، نامە بۆ ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان دەنێرێت، یەک لەوانە ( ئا بێ بێ ئەتۆم)، بەڵام لەبەر کەمی کار لەو ساتەدا وەرگرتنەکەی زۆر دوا دەکەوێت، لەگەڵ هەموو هەوڵەکانی ڕۆژانەیدا، بە دەستێک خوێندن، بە دەستێک کاروکاسبی، بە دەستێکیش منداڵەکانی لە ئامێز گرتووە، گەڕان بە دوای کار لە بواری کیمیادا دەستپێکی ژیانی ڕۆژانەی دەبێ، دوای وەرگرتنی بڕوانامەکەی، تا ماوەیەکی زۆر دیسانەوە، زەمەنی بێکاری لە سوید سەرهەڵدەداتەوە و، شانسی وەرگیرانی کەم دەبێتەوە.

بێ هیوابوون، بوونی نابێت لای نادیەخان، هەر بۆیە دەست دەکاتەوە بە کارکردن و ئەمجارەیان لە ساڵی2011، کافتریایەک دەکاتەوە لە وێستگەی شەمەندەفەڕی شاری ڤێستەڕۆس، ڕۆژانە لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە تاوەکو هەشتی ئێوارە کار دەکات، وێڕای ئەم کۆمپانیایە نوێیەی لە کاری کۆمپانیاکەی پێشوویدا دانابڕێت، وەک کۆڵەگەیەکی پتەو لەوێشدا دەمێنێتەوە، ڕۆژانە بەردەوام کار لەسەر خۆی دەکات، لە هەوڵی ئەوەی دوا نەکەوێت لە سەفەری ژیان.

Photo 2024-01-15 20-15-48.jpg

لە ساڵی 2015، بە دەنگە خۆشەکەی، سروودێک بۆ پێشمەرگە دەچڕێ، لە وڵاتی سوید تۆماری دەنگی بۆ دەکات. نادیە خان لە ساڵی دوو هەزار و حەڤدە، وەک قەڵەمێکی تازە لە گوڵدانی ئەدەب و گوڵە حاجیلەکانی دەشتی هاموون، پێنووسەکەی تێکەڵی بۆنی عەتر و شیعر دەکات، ئازادانە هەمەچەشن لە وێنەکردنی شیعر دەست پێ دەکات، وەک پەیامێکیش بۆ ئەو ئافرەتانەی خاوەنی توانا و بەهرەن و دەریان نەخستووە، یاخود هێشتا کۆت و بەندی شەرمی کۆمەڵگا غەدری لێکردوون و بڵێ ئەو کۆتە بپسێنن و لەو تاریکیە وەرنە دەرەوە.

ئەو هەست و ئیلهامەی لە ناخی نادیە خان دایە خۆڕسکانە هاتووە و پڕژاوەتە سەر کاغەزە سپییەکان.

لە بواری نووسینی هایکو، دوای دامەزراندنی یانەی هایکوی کوردی، وەک دڵخوازێک بوو بە دەستە خوشکی هایکو، هەر زوو توانی شێوازی خۆی لە نووسینی هایکو و فۆڕمەکانی تری شیعری ژاپۆنی وەک هایبوون و تانکا و تایکوون و هایگاو سینریو دا بدۆزێتەوە، توانی جێپەنجەیەکی ژنانەی کوردانە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بەجێ بهێڵێت.

بەرهەمەکانی نادیە خان دەقی جوان و پڕ سینۆگرافییان، سروشت و خوێنەر بەشدار دەکا لە هەست و ناخی خۆی و وێنەی ڕوون بە خوێنەر دەگەیەنێت تا ئەو ڕادەیەی هەر خوێنەرێک دەقەکان بخوێنێتەوە وا دەزانێ خۆی نووسیویەتی.

لە ساڵی دوو هەزار و هەژدە، یەکەم بەرهەمی شیعری بە چاپ دەگەیەنێت، بە ناوی (تەلیسم)، سەد و یانزە لاپەڕە ، حەفتا و پێنج شیعر و هەشتا و یەک هایکو، پەنجا و نۆ چوارینە شیعر لە خۆی دەگرێت، پێشکەشی دەکات بە ڕۆحی ئەو ئافرەتانەی بە هەر جۆرێک گیانیان لە دەست داوە لە دەست زوڵم و ستەمی کۆمەڵگا.

Photo 2024-01-15 20-10.jpg

لە هەمان ساڵی دوو هەزار و هەژدە سروودێک بە ناوی کوردستان، تۆماری دەنگی بۆ دەکات لە وڵاتی سوید، ئەوەش پێمان دەڵێ کە خاک و نیشتمانەکەی خۆش دەوێت، ڕۆحیانەتێکی نیشتمانپەروەری هەیە. لە هەمان ساڵی دوو هەزار و هەژدە بەرهەمی دووەمی شیعری بە ناوی (تەزبیحی قەزوان) بە چاپ دەگەیەنێت، سەد و یەک لاپەڕە، وەک تەزبیحی قەزوانی سەد و یەک دەنک پێکهاتووە لە فۆرمەکانی هایکو، سینریو، تانکا، هایبوون.

وەک ژنێکی هایکیست دەکرێ بوترێ ئەم بەرهەمەی یەکەم کتێبە لەناو دنیای ئەدەبی کوردی کە چوار فۆرم لە خۆیدا گرتبێت و بە چاپ گەیاندرابێت، لێرەدا شاعیر خۆی بە بەختەوەر دەزانێت کە توانیویەتی چەند شیعرێکی زیندووی پێشکەش بە دنیای شیعری کوردی بکات و پێی وایە کە شیعر سەنگینترین کاری ئەدەبییە.

لە ساڵی دوو هەزار و بیست سێیەمین کتێبی لەلایەن یانەی هایکوی کوردییەوە کاری بۆ دەکرێت و حەفتا دەقی هایکو لە خۆی دەگرێت بە ناوی (ئەستێرە چاو دادەگرێ)، لە حەفتا و سێ لاپەڕەدا بە چاپ دەگەیەنرێت.

Photo 2024-01-16 23-09-23.jpg

لە ساڵی 2021، چوارەمین بەرهەمی، کتێبێکی هایگایە، شیعر لە فۆرمەکانی هایکو و سینریۆ بە ناوی( بەفر لە هەور دەترسێ )بە چاپ دەگەیەنێت.

هایگا فۆڕمێکی هونەرییە تێدا وێنە و دەقی شیعری هایکو دەبێت بە یەک، دوو هونەری نووسین و وێنە تێکەڵ بە یەکتری دەکرێن.

وەک یەکەم کورد لە کوردستان ئەو بیرۆکەیەی هەبووە کە کار لەسەر هایگا بکات بۆ ئەوەی کوردیش وەک هەموو گەلانی تری پێشکەوتوو لەو ژانرە ئەدەبییە دەقەکانمان ببینن.

کتێبی هایگاکەی سەد و چوار لاپەڕەیە و سەد دانە هایکو لە خۆی دەگرێت، جوانی و ناوازەیی ئەو کتێبەی هایگا لەوەدایە وێنەکانی دەقی هایگاکان بە دیزاینێکی جوان و ڕەنگاوڕەنگ بە دەست و پەنجەی شێوەکاری ناوداری کۆیە مامۆستا عادل زرار کێشراون و تێکستی هایکوکانی بە قەبارەیەکی گەورەتر و بە دەست نووسراونەتەوە.

لە هەمان ساڵی دوو هەزار و بیست و یەک، پێنجەمین بەرهەمی شاعیر کە شیعر و پەخشانە لە فۆرمەکانی تایکوون، هایبوون، تانکا، هایکو، سینریو، هایگا، بە ناوی (دڵ ئاوازی ژیان دەژەنێ) بە چاپ دەگەیەنێت، وەک یەکەم کورد لە کوردستان کارکردنی لەسەر هەر شەش فۆرمی ژاپۆنی لەم کتێبەدا، شوێنێک بۆ خۆی دەکاتەوە.

وەک دایکێک بیست و دوو شیعری بۆ منداڵەکانی نووسیوە لەم کتێبەدا لەژێر ناونیشانی (بەخامەی دایکێک)، شەست و یەک شیعریش شوێنی خۆی کردۆتەوە، چواردە دانە قەسیدەی نانۆ، هەشت تایکوون، چوار هایبوون، هەشت تانکا، بیست و هەشت هایکو لەگەڵ سینریو، پێنج هایگا، کتێبەکەی جوانتر کردووە.

خاتوونی شاعیر دوو کوڕی هەبووە و کچی نەبووە، هەر کتێبێکی بە کچێک لە قەڵەم داوە،خۆشەویستی بۆ کتێبەکانی بەم شێوەیە دەردەبڕێت.

خاتوونی شاعیر لە هەشتی یەکی دوو هەزار و هەژدە دەبێت بە ئەندامی یانەی هایکوی کوردی.

Photo 2024-01-16 23-42-14.jpg

یانەی هایکوی کوردی کە لە بیست و شەشی دوازدەی دوو هەزار و حەڤدە دامەزراوە لەوێوە زۆربەی هایکوکانی بڵاو کردۆتەوە، هەندێک لەهایکوکانی خەڵاتی زێڕینیان پێ بەخشراوە. لەلایەن بەڕێوەبەری یانەی هایکوی کوردی، دکتۆر ملکۆ ئەحمەد.

لە یانەی هایکوی عەرەبی ئەندامە و زیاتر لە دوو سەد و پەنجا هایکوی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و بڵاو کردۆتەوە.

بە هۆی ئەندامبوونی لە هایکوی جیهانی لە ژاپۆندا، ساڵانە هایکو دەنێرێت بۆ ژاپۆن، لە ساڵی دوو هەزار و بیست و دوو سێ هایکوی بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی لە گۆڤاری ژاپۆنی ژمارە هەژدە بڵاو بوویەوە، لە ساڵی دوو هەزار و بیست و سێ، سێ هایکۆیتری بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی لە گۆڤاری ژاپۆنی ژمارە نۆزدە بڵاو بوویەوە، چاوەڕوان دەکرێ ساڵی دوو هەزار و بیست و چواریش، لە گۆڤاری ژاپۆنی ژمارە بیست، سێ هایکۆی تری بە زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاو بکرێتەوە، بەشداریکردنی خاتوو نادیە لە هایکوی جیهانی و ناردنی هایکو بۆ ژاپۆن بە زمانی کوردی بە سەرکەوتنێکی مەزن دادەنرێت بۆ خاتوونێکی کۆیی کە ئەسپی خۆی تاودابێت لە بواری هایکودا.

لە وڵاتی دانیمارک هایکوکانی وەرگێڕانیان بۆ کراوەو لە لایەن (تۆڕڤاڵد بێرلسن ) ژمارەیەک لە هایکوکانی لە کتێبی ئەنتۆلۆجیا بە زمانی دانیمارکی و کوردی بڵاو بوونەتەوە. خاتوو نادیە ئەندامە لە یانەی هایکوی مەغریبی و بانگهێشتنامەی بۆ هاتووە بۆ بەشداری کردن لە هایکوی جیهانی کە لە وڵاتی مەغریب بە ڕێوە دەچێت. بە هۆی کارامەیی لە زمانی سویدییەوە توانیویەتی کاری وەرگێڕان بۆ زۆربەی هایکوکانی خۆی و هاوڕێکانی بکات و لە گۆڤاری هایکیست لە یانەی هایکوی کوردی بڵاو بوونەتەوە، هایکوی شاعیرە سویدییەکانی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و لە گۆڤاری هایکیست لە یانەی هایکوی کوردی بڵاوکراینەوە.

لە (یانەی سەکۆی وەرگێڕاوەکان) ئەندامەو لەوێش هایکو وەرگێڕدراوەکانی بڵاوکراونەتەوە. ئەندامی (یانەی هایکوی سویدییە) و لەوێش هایکو بڵاو دەکاتەوە بە زمانی سویدی، ئەو گۆڤارانەی کە لە یانەی سویدیەوە دەردەچن گوڵبژێریان دەکات و هەر جارێک ژمارەیەک لە هایکوکان وەردەگێڕێت بۆ سەر زمانی کوردی.

Photo 2024-01-15 20-12-24.jpg

نادیە خان دوو سەد و پەنجا هایکوی بە زمانی عەرەبی نووسیوە، پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ ئێستا و بەرەو چاپ دەڕوات بەم زووانە بە ناوی(سکر ناعم). خاتوو نادیە ئەو زانیارییانەی لە بواری کیمیا بە دەستی هێناوە لە ماوەی خوێندنی لە کوردستان و لە وڵاتی سوید، هەوڵ دەدات ئێستا لە دوو توێی کتێبێکدا کۆیان بکاتەوە و ڕووناکی بخاتە سەر (پەیوەندی کیمیا بە جەستەی مرۆڤەوە).

مرۆڤ کەناخی سپی بوو، سەرکەوتنەکانی و دەستکەوتەکانی دەبریقێنەوە، لە ژیانی خێزانی سەرکەوتوو بووە، دوو کوڕی هەیە، کوڕە گەورەکەی دکتۆرە و لە شاری ستۆکهۆڵم کار دەکات، کوڕە بچووکەکەشی موهەندیسە و هەر لە بواری هەندەسە لە شاری ڤێستەڕۆز کار دەکات. ناکرێت ڕۆڵی باوکی منداڵەکانی پەراوێز بخرێت کە لە هەموو سەرکەوتنێکی نادیەخاندا ڕەنگی داوەتەوە، مامۆستا نەهرۆ حمدامین وەک کۆڵەگەیەکی پتەو کارئاسانی بۆ کردووە لە سەرکەوتنی هەموو ئیش و کارەکانیدا.

بیرۆکەی دروستکردنی پەیکەری دڵداری شاعیری مەزن کارێکی نوێی نادیە خانە، هەر خۆی توانیویەتی ببێتە سپۆنسەر و، پەیکەرتاش بەختیار هەڵەبجەیی کاری بۆ کردووە، لە ساڵی دوو هەزار و پانزەدا، لە مەراسیمێکی شایستە، لە شاری کۆیە، لە بەردەم مۆزەخانەی ئاغەلە دانرا، بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی لە دەرەوە و ناوەوەی کۆیە، وەک دیاریەک بۆ نەورۆز، لە نۆزدەی سێ، لە ساڵی دوو هەزار و پانزە.

نووسینی هایکو فەزای خەیاڵی خاتوو نادیەی داگیر دەکات، هەر بۆیەش هەڵدەستێ بە پێشکەشکردنی عەریزەیەک بۆ شارەوانی کۆیە، بۆ گۆڕینی ناوی ئەو شەقامەی کە کاتی خۆی بە منداڵی لێی ژیاوە، بۆ (شەقامی هایکو)، ئێستا شەقامەکە ناوی شەقامی هایکویە، دەکەوێتە بەردەم کەکۆنەوە، لە شاری کۆیە.

Photo 2024-01-15 20-01-27.jpg

لە ساڵی دوو هەزار و نۆزدەدا، لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، ڕێکخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان، بە هاوکاریی زانکۆی کۆیە، دیدارێک ڕێک دەخات بۆ ژنە پێشەنگەکانی شاری کۆیە، نادیە خان پشکی ئەوەی بەر دەکەوێت کە ببێت بە یەکێک لەو چل ژنانەی کە لە کۆنەوە تاوەکوو ئێستا پێشەنگ بووین لە شاری کۆیە، هەر لەو مەراسیمەدا ڕێز لێنانی پێ دەبەخشرێت.

هەرچەندە نادیە خان لە هەندەران دەژیت بەڵام بەردەوام لەگەڵ ئازاری خەڵکەکەی و میللەتەکەیدا ژیاوە، بە جەستە لە هەندەران، بە مێشک لە کۆیە، لە سەرەتای ساڵی دوو هەزار و بیست و سێ، لە ڕۆژی بەڕەنگاربوونەوەی شێرپەنجە گرووپێک پێکدەهێنێت لە ژنان و لە پیاوان، لە سوید، هەر خۆشی سەرپەرشتی دەکات، بە ناوی (گرووپی هانا بۆ تووشبوانی شێرپەنجە)، پارە کۆ دەکاتەوە و دەینێرێت بۆ تووشبوانی شێرپەنجە لە شاری کۆیە بە هاوکاری کارمەندەکانی نەخۆشخانەی کۆیە، دەستنیشانکردنی نەخۆشەکانیش لە لایەن دکتۆر دەوەن حەوێزیەوە دەکرێت، تەمەنی گرووپی هانا گەیشتە ساڵێک و بەردەوام دەبن.

لە تەمەنی شەست ساڵیدا بەهرەی وێنەکێشان لە خۆیدا دەدۆزێتەوە، کار لەسەر ئەکریل لەسەر کانڤاس دەکات و کۆمەڵێک تابلۆی جوان دەکێشێت و بەردەوامە.

بابەتە پەیوەستکراوەکان

Photo 2024-01-16 23-42-14 (2).jpg
Photo 2024-01-17 00-44-50.jpg