پاسۆک

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

پارتی سۆسیالیستی کورد یان پارتی سەربەستی کوردستان (کورتکراوە: پاسۆک).

24 102859.jpg

لە 11-09-1975 لە شاری کەرکووک دامەزرێنرا. پاسۆک زۆربەی کادیرانی لە کاژیک بوون. یەکەم کۆبوونەوەی پاسۆک لە ماڵێک لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ھەریەک لە فەرھاد عەبدولقادر و محەمەد مستەفا ناسراو بە (ئازاد مستەفا) و مامۆستا شیرزاد وەک دامەزرێنەرانی پارتەکە بەڕێوەچوو.

شوناسی پاسۆک وەک پارتی سۆسیالیستی نەتەوەیی کورد، وێڕای گرنگی ھزری ناسیۆنالیستیی، بەڵام وەک پیشنیاری جەمال نەبەز وشەی نەتەوەیی، پاشخانێکی سیاسی و حەماسیی ئەو کاتی کورد و ئامادەیی نەوەیەکی نوێی بزووتنەوەی سیاسی ھێزێکی بەو پارتە بەخشی و وای کرد پاسۆک لەماوەی کەمتر لە ساڵێک مەفرەزەی چەکداری بچێتە شاخ و خەباتی چەکداری دەستی پێ بکات و ھاوکات ڕۆلی لە ھۆشیاری سیاسیی گشتیی خەڵک ھەبێت وەک سەرەتایەک بۆ شۆرشی نوێ.

یەکێک لە چالاکییە سیاسییەکانی ئەو کاتی پاسۆک ڕفاندنی ژمارەیەک قوتابی بوو کە وێڕای بوونی تیبینی لیکۆلەرەانی سیاسیی لەسەر خودی ئەو چالاکییە سییاسییە، بەڵام بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان مەبەست تەنیا ناوبانگی ھێزی پاسۆک بووە کە لە زاری یەکیک لە سەرکردەکانی پاسۆک ئەوان ھیچ داوایەکیان لە کەسوکاری ئەو قوتابیانە نەبووە.[١]


.....


پارتی سۆسیالستی کورد (پاسۆک)لە ڕۆژی 11-09-1975 بە دەسپێشخەری یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کە ناوی محەمەد مستەفا ناسراو بە (ئازاد مستەفا)یە لە شاری کەرکووک دامەزراوە، هەڵبژاردنی شاری کەرکوک وەک شوێنی دەرکردنی بەیاننامەی دامەزراندن بۆ تەحەداکردنی حیزبی بەعس بووە، کە لەو کاتەدا پڕوپاگەندەی ئەوەی بڵاودەکردەوە کە بۆ ئەبەد شۆرشی کوردی کۆتایی هاتووە، لە دوای نسۆکی شۆرشی ئەیلول کە بەهۆی ڕێکەوتنامەی جەزائیرەوە لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێن جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق ساڵی (1975) شۆرشەکە کۆتایی هاتبوو، هەر بۆیە لەو کاتەدا بێ ئومێدیەکی گەورە ڕووی لە کوردستان کرد بوو.

سەرەتا بە ناوی (پارتی سۆسیالستی نەتەوەی کورد) دامەزراوە، دواتر لە کۆنفرانسی یەکەمی حیزب لە 11-09-1976 لەسەر پێشنیاری د. جەمال نەبەز ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پارتی سۆسیالستی کورد.

سەرکردەکانی پاسۆک.

سەرکردە دیارەکانی ئەم پارتە بریتی بوون لە(ئازاد مستەفا، سکرتێری حیزب، مولازم مەنسور، مولازم کەریم سەلام، فەرهاد عبدالقادر، جەلال حاجی حوسێن، عەبدوڵڵا ئاگرین.

کە سێ لە سەرکردە دیارەکان کە ئەندامی دامەزێنەری حیزبوون، ئەوانیش (ئازاد مستەفا، فەرهاد عبدالقادر،مامۆستا شێرزاد).

دروشمەکانی پاسۆک.

دروشمەکانی ئەم پارتە دەکرێ لەم خاڵانەی خوارەوە کورت بکرێنەوە.

  • کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی ئازاد.
  • پێش ئەوەی هەرشتێک بین دەبێت کوردبین.
  • کوردستان تەنها موڵکی کوردە.
  • کوردایەتی مرۆڤایەتیە.
  • جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە.

بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بیروباوەڕی ئەم پارتە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، بەڵام بەشێکی تر لە سەرچاوەکان پێی وایە ڕاستە بەشێک لە بەرپرسانی پاسۆک لە ناو کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کاژیک)بوون، بەڵام لەیەکتری جیابوونەتەوە، و ڕەخنەی توندیان هەبووە لە سەرکردەکانی کاژیک و بەرنامەکەی کە ناسراو بووە بە کاژیک نامە.

پاسۆک و خەباتی چەکداری.

پاسۆک لە ساڵی (1976)بەشداری خەباتی چەکداری کردی دژ حیزبی بەعس کردوە، یەکەم مەفرەزەی کە چووە شاخ بە سەرپەرشتی جەلالی حاجی حەسین کەلۆش بووە، هەروەها ئەندامی بەرەی جود بووە لە ساڵی (1980)، پاشان ئەندامی بەرەی کوردستانی بووە.

پاسۆک و بەشداری لە بەرەی جود.

لە ساڵی (1980)، دوو بەرە لە نێوان لایەنەکانی کوردستاندا دروست دەبێت، بەرەی نیشتیمانی ‌و نەتەوەیی دیموكراسی ئێراق – جوقد، کە پێک هاتبوون لەهەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی کوردستان ‌و حیزبی سۆسیالستی كوردستان و هەرێمی سەركردایەتی حیزبی بەعس ‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی‌ و حیزبی شیوعی ئێراقی، لە بەرەی جوقد- دا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باڵادەست بوو.

بەرەی دووەم ناوی بەرەی نیشتیمانی دیموكراسی ئێراق- جود بوو، کە پێک هاتبوو لە (پارتی دیموکراتی کوردستان- ئێراق، حزبی سۆسیالستی کوردستان، حزبی شیوعی، پارتی سۆسیالستی کورد- پاسۆك)، لەم بەرەیەشدا پارتی باڵادەست بوو، کە دواتر لە جیاتی شەڕی دەوڵەتی ئێراق و بەعس بکرێت ئەم دووبەرەیە زنجیرەیەک شەڕی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕوویدا.

ڕۆڵی پاسۆک لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی.

لە دوای ماوەیەکی درێژ لە شەڕ و خوێن ڕشت لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا و هاتنە پێشەوەی بارودۆخی نوێ گرنگی کاری هاوبەش و دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانی کە پێکبێت لە سەرجەم حیزبەکان هاتە کایەوە، هەربۆیە دروستکردنی بەری کوردستانی کە کۆکردنەوەی زۆربەی حیزبە کوردیەکانە لە بەریەکدا بۆیە پێویستی، چونکە کۆتایی هێنا بە شەڕی ناوخۆی حیزبەکان لە شاخ، کە دروستکردنی ئەم بەرەیە لە سەر پێشنیازی پاسۆک بووە، کە پاش چەندین کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان لە ئایاری ساڵی (1988)دامەزراوە، کە پێکهاتبوو لە حیزبەکانی،” پاسۆک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، پارتی گەل، حیزبی شیوعی کوردستان- ئێراق، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشوری.” کە ئەم بەرەیە لە دوای ڕاپەڕینی مەزنی بەهاری ساڵی (١1991) نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردیان دەکرد کاتی گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا.

پاسۆک و ڕاپەڕینی ساڵی (1991).

پاسۆک لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان لە ساڵی (1991) ڕۆڵیان هەبووە بەشداریان کردوە، کە بە گوێرەی نوسراوێک لە 09-02-1991 کە بە ژمارە (111) سەرکردایەتی پاسۆک لقی سلێمانی داوا لە هاوبیرانیان دەکەن خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕووداوی نوێ و بەشداربن کە لە بەشێکی نوسراکەدا هاتووە (ئێستاش کە بار و زروفێکی تایبەتی هاتۆتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەکەمان و حیزبمان وا پێویست دەکات کە هاوبیرانمان لەم کاتەدا زۆر وریابن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو رووداوانەی لە ئارادایە و پێش بینی دەکرێ رووداوی کوت و پر خێراتر بێتە پێش. بۆیە لە لایەن سەرکردایەتی حیزبمانەوە ئاگادار کراینەوە کە گرنگیەکی تەواو بدەین بە خەتەکانی رێکخستن و گشت هاوبیران بەسەربکەینەوە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بتوانین ئەو ئەرکانەی لەسەر شانمانە جێ بەجێ بکەین).

ڕاگەیاندنی پاسۆک.

لە ڕووی راگەیاندنەوە بەراورد بە حیزبەکانی تر ڕاگەیاندنی لاوازبووە، ڕۆژنامەکەی ناوی سەربەخۆی بووە، کە سەرنووسەرەکەی نزار محەمەد بووە، هەروەها گۆڤاری ئاڵای سوری کوردایەتی هەبووە، ئازاد مستەفای سکرتێری پارتەکە سەرنووسەری بوو، بەشێک لە نووسینەکانی لە ژێر ناوی خوازراوی(عەلی) بڵاوکردۆتەوە، گۆڤاری ئاڵای سوری کوردایەتی ئۆرگانی هێزی پێشمەرگەی پاسۆک بووە، کە لە بەرگی گۆڤارەکە نووسراوە کوردستانێکی ئازاد، گەلێکی یەکسان، پێش ئەوەی هەرشتێک بیت کوردین، هەروەها زنجیرەی پاسۆک بناسە کە گرنگی بە بیر و هزری پاسۆک داوە.

پاسۆک تاکە حیزبی شاخ بووە ئاڵای کوردستانی هەڵکردوە لە ساڵی (1983)دا، لە کاتێکدا حیزبەکانی تر تەنها ئاڵای حیزبیان هەڵکردوە.

کۆچی دوایی سکرتێری پاسۆک.

لەبەرەبەیانی ڕۆژی 19 ئازاری 1989 ئازاد مستەفا سکرتێری پارتی سۆسیالستی کورد (پاسۆک)بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کردوە، زۆربەی بۆچوونەکان پێیان وایە کۆچی دوای ئازاد مستەفا یەکسانبووە بە تەواوبوونی ڕۆڵی سیاسی پارتی پاسۆک، چونکە حیزبەکە زۆربەی تواناکانی لە بواری سیاسەت بەسترابووە بە ئازاد مستەفاوە.

هەڵبژاردن و پاسۆک.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (1992)دا لە ژێر ناوی لیستی یەکگرتن لەگەڵ حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بەشداریان کرد، کە ڕێژەی ٢ % بەدەستهێنا کە ژمارەی دەنگەکانیان بریتی بوو لە (٢٤٨٨٢) کە نەیانتوانی بچنە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ئەوەی سیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەوکات هەر پارتێک کەمتر لە ڕێژەی07% بە دەستبهێنایە نەدەچووە پەرلەمان.

چارەنووسی پاسۆک.

سنووری چالاکیەکانی ئەم پارتە زیاتر ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی بووە، لە 07-09-1991دا لە (قەلاچوالان) کۆنگرەی یەکەمی پاسۆک دەستی پێکرد لە (قەڵاچوالان) و کۆنگرەکەیان (3) ڕۆژی خایاند و پاشان لە ساڵی (1992)دا، لەگەڵ هەردوو پارتی گەلی دیموکرات و حیزبی سۆسیالست یەکیان گرت، کە بە زۆرینە پەسەند کرا لە ژێر ناوی حیزبی یەکگرت کە بووە سەرەتای کۆتایی هاتنی حیزبەکە و کە هەندێک لە سەرکردنەکانی ئەم کۆنگرەیە بە مامەڵە کردن دەزانن لە لایەن بەشێکی تری سەرکردەکانیەوە، کە بووە هۆی ئەوەی دواتر حیزبی یەکگرتن بەشێکی زۆری و بەرپرسەکانیان لە کۆتایدا چوونە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێکی کەمیان چوونە ناو یەکێتی و هەروەها بەشێکی تری سەرکردەکانی تری وازیان لە سیاسەت هێنا و کۆتایی بە پارتی سۆسیالستی کورد (پاسۆک) هات.[٢]

  1. سەرچاوە: ویکیپیدیا
  2. سەرچاوە:chawykurd