محەمەد ساڵح دیلان
دیلانی شاعیر
دیلان ناوی محەمەد ساڵح کوڕی مەلا ئەحمەد دیلان کوڕی مەلا ساڵح کوڕی مەلا قادری شەوخوێن.ە، کە لە قەڵاچۆلانەوە هاتۆتە سلێمانی، دیلان لە ساڵی 1927 لە سلێمانی لە گەڕەکی گۆیژە لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە مزگەوتی شێخ بابە عەلی و قوتابخانەی خالیدییە دەستپێکردووە، تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە و بووە بە فەرمانبەر، لەبەر بیر و باوەڕی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی، زۆر جار تووشی گرتن و دوورخستنەوە و دەست بەسەری بووە، لە 28-10-1990 کۆچی دواییکردووە.
دیلان یەکێک بوو لە شاعیرە ناودارەکانی سەدەی بیستەمی کورد، مەلا ئەحمەدی دیلانی باوکی کە پیاوێکی ئەدەب دۆست و شارەزابوو، ڕێگای بۆ خۆشکرد کە ببێتە شاعیر.
دیلانی شاعیر لە تەمەنێکی زووی لاوێتیدا ئارەزووی نووسینی شیعر و مەقام بێژی لا دروست بووە.
لە ساڵی1949 دەستی کردووە بەشیعر نووسین تا ڕۆژی کۆچی دوایی لەگەڵ شیعردا ژیاوە. لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا شیعری بڵاوکردووەتەوە و جێدەستی خۆی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەجێھێشتووە. لە دوای گۆرانی شاعیر بەسەرتۆپی نەوەیەکی نوێی شیعری کوردی لەقەڵەم دەدرێت. دیلانی شاعیر ھەر لە لاوێتییەوە خۆی و بەرھەمە ئەدەبییەکانی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی کێشەی گەلەکەی و دژایەتیکردنی کۆنەپەرستان و بەکرێگیراوان. لە ساڵی 1948 تا 1966 نۆ جار زیندانی کراوە و گەلێک جاریش دوورخراوەتەوە و تووشی ئازار و ئەشکەنجەدان و نانبڕین بووە.
هەروەها هۆنراوەی شاعیرانی کورد وەک (مەولەوی، سالم، پیرەمێرد، حەمدی، گۆران، مەحوی) کاریان تێکردووە، لە هەمان کاتدا هۆنراوەی فارسی کاری کردۆتە سەر بەهرەی شیعری بەتایبەتی هۆنراوەی (حافز، نیزامی، سەعدی)، یەکەم هۆنراوەی لە بەندینخانەی کوت نووسیوە، هۆنراوەکانی لایەنی نیشتمانپەروەری و جوانی وڵات و دیمەنەکانی لەخۆ دەگرێت، دیلان لە هۆنراوەکانیدا بەیاخێکی زۆری بە ناوەڕۆک و باری هزری داوە ئەم لایەنە بە خەستی لە بەرهەمەکانیدا دیارە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باری ڕۆشنبیری و پلەی هۆشیاری و ڕادەی بەشداربوونی لە بزووتنەوەی نیشتمانی و پێشکەوتنخوازی نەتەوەییدا.
دیلان دەسەڵاتێکی باڵای هەبووە لە بەکارهێنانی هێما (ڕەمز) بۆ دەربڕینی مەبەستی تایبەتی، چونکە لەبەر ستەم و زۆرداری و هێزی تاریکی ئەو سەردەمە نەیویستووە مەبەستەکانی ئاشکرا و دیار بکات، بەم هێما بەکارهێنانە چەشنە هونەرێکی ڕەنگین و ڕادەیەکی بەهرەدارانەی بە بەرهەمەکانی گەیاندووە.
سەرەتاکانی قۆناغی خویندنی لە مزگەوتی بابەعەلی بەسەر بردووە و دواتریش لە قوتابخانەی خالدییە قۆناغی سەرەتایی بڕیوەو درێژەی بە خوێندن داوە و تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە.
دواتریش لە ساڵی ساڵی 1947 لە فەرمانگەی تووتن دامەزراوە و وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی ڕۆژانی تەمەنی بەڕێکردووە و سەرقاڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانی بووە.
زۆری پێ نەچووە ھەر لەو ساڵەدا لەسەر خۆپیشاندان گیراوە و دواتر ئازادکراوە. ساڵی 1948 جارێکی تر گیراوەتەوە و لە کاری میری دەرکراوە.
ساڵی 1949 لە سلێمانی گیراوە و بروویانە بۆ بەغدا تا لە ساڵی 1950 دادگایی کراوە و بەکەفالەت بەردراوە.
ساڵی 1951 بەئەندامی لیژنەی ئاشتیخوازانی سلێمانی ھەڵبژێردرا. لەسەر ئەمە گیرایەوە بەڵام زوو ئازادکرا.
ساڵی 1952 بەھۆی ڕێکخراوی ئاشتیخوازانەوە نێردرایە شاری ڤییەننا لە نەمسا بۆ ئامادەبوون لە «کۆنگرەی نەتەوەکان بۆ بەرگری لە ئاشتیخوازی». لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ نووسەری ڕووسی ئیلیا ئەھرینبورگ پەیدا کردبوو، لەو گەشتەیدا سەردانی ئیتاڵیا و سویسڕا و چیکوسلۆڤاکیا ڕۆمانیای کردبوو؛ کە لە ئەورووپا گەڕایەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبوو. ئەو ماوەیەی لە گوندی دەرگەزێن و مورتکەی لای سلێمانی بردە سەر. دواتر لە ساڵی 1954 خۆی ئاشکراکرد و بەدەستبەسەری نێردرایە بەغدا و لە ئەنجامی دادگا ئازادکرا.
ساڵی 1954 دووبارە گیرایەوە، لە کەرکووک دادگایی کرا و فەرمانی سی ساڵ و نیوێک دەستبەسەری بۆ دەرچوو، ماوەکەی لە نوگرەت سەلمان بردە سەر و لە ناوەڕاستی ساڵی ١1956 گەڕایەوە سلێمانی لە سەرەتای ساڵی 1958 لە فەرمانگەی بەڕێوەبردن لە پارێزگای سلێمانی دامەزرا.
لە ناوەڕاستی 1958 ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، لە1959 جارێکی تر لە «میھرەجانی گێتیی لاوانی دیموکراتی» لە شاری ڤییەننا بەشداریکرد.
ساڵی 1959 بەشداربوو لە دامەزراندنی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان. لەسەر ئەوە گیرا، بەڵام زوو ئازادبوو. لە ناوەڕاستی ساڵی 1960بەتاوانی ئەوەی لە دژی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم خەبات دەکات گیرایەوە بەڵام زوو ئازادبوو.
ساڵی 1961 دسیانەوە ھەر بەو تاوانە گیرایەوە و نێردرایە شاری کووت. لە ساڵانی نەھاتی کورد 1963 – 1964 دیلان لە گرتووخانەکانی کەرکووک و بەغدا بە دەستبەسەری مایەوە. لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەم گەڕایەوە سەر کاری پێشووی لە فەرمانگەی بەڕێوەبردن لە پارێزگای سلێمانی. تا ساڵی 1983 لەم کارەیدا مایەوە دواتر لەسەر داوای خۆی خانەنشین کرا.
هۆنراوەکانی دیلان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە
جوانی سروشت:
بابەتی جوانی سروشت پێشتر لە هۆنراوەی (مەولەوی و گۆران و پیرەمێرد) ڕەنگیداوەتەوە، دیلانیش کە شێوەی هونەری شیعری ڕۆمانتیکی بوو، شەیدای جوانی سروشتی کوردستان و دڵدارێکی کەم وێنەی دیمەنە ڕەنگینەکانی گوڵ و گوڵزاری بەهار بوو، نەخشەکێشانی تابلۆیەکی سروشت یا وەسفکردنی دیمەنێکی سروشت لای شاعیر دەبێتە داهێنانێک و لایەنێکی گرنگی قوتابخانەی ڕۆمانتیکی تەواو دەکات، ئەم پەیوەندییە گیانییەی نێوان شاعیر و سروشت دەگەڕێتەوە بۆ گیانی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوەکەی.
دڵداری و جوانی ئافرەت:
بابەتی دڵداری و جوانی ئافرەت وەک بابەتێکی هۆنراوە دیاردەیەکی کۆنە، لە بەرهەمی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد ڕەنگیداوەتەوە، دیلانیش لە بابەتی خۆشەویستی ئافرەت و جوانی ئافرەتدا هەستێکی قووڵ و سۆزێکی بەتین و کاریگەر لە هۆنراوەکانیدا بەدیدەکرێت، تا گەیاندوویەتی بە ڕادەیەکی زۆر بەرز، کە هیچ جوانییەکی تر نەیگاتێ، لە لایەکی تر وەسفی ئافرەت دەکات و دەیبەستێتەوە بە کۆڕی تێکۆشان و ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە.
نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی:
بابەتی هەستی نەتەوایەتی و سۆزی نیشتمانپەروەری لە هۆنراوەی شاعیرە کلاسیکەکانی کوردی وەک (خانی، حاجی قادری کۆیی، نالی، سالم، ئەحمەد موختار جاف، هتد) دیارە، دیلانی شاعیریش یەکێک بوو لەو شاعیرانەی، کە پەروەردەی بزوتنەوەی نیشتمانەروەری و خەباتی ئازادیخوازانەی دوای جەنگی دووەمی جیهان بوو، هۆنراوەکانی دیلان ئاوێنەیەکی ڕوونی خەبات و بزوتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی گەلەکەمانە.
دیلان وەک شاعیرێکی شۆڕشگێڕی کورد تێکۆشانی گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی، کە لە پێناوی سەربەستیدا خەباتیان دەکرد، بزوتنەوەکەیان دەبەستێتەوە بە خەباتی گەلی کوردستان. دیلان لە ڕووی (کێش و سەروا)وە لە زۆربەی هۆنراوەکانیدا کێشی بڕگەی (پەنجە) و سەروای دێڕی مەسنەوی بەکارهێناون، چونکە هەستی بە ڕەسەنایەتی و خۆماڵی کێشەکە کردووە، بۆیە گەڕاوەتەوە سەریان. دیلان جگە لەوەی شاعیر بوو ئەستێرەیەکی گەشی درەوشاوەی ئاسمانی ئاواز و گۆرانی کوردی بوو، دەنگ خۆش و مەقام زانێکی کەم هاوتا بوو.