شەهیدانی تەقینەوەی قۆڕەبەرازە 18-12-1983

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

دەرسیم پێشەوا

410979172.jpg

پێش نیوەڕۆی ڕۆژی (18.12.1983) بەرەو مێرگەسەر و زیخان بەڕێکەوتم بە مەبەستی بینینی ڕێکەوت عوسمان مەجید بەرپرسی ڕێکخراوی (5)ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، کە ئەو ڕۆژە لە بارەگاکەی مام جەلال لە زیخان لای نەوشیروان مستەفا ئەمین بوو، پێکەوە سێ قۆڵی (ڕێکەوت، نەوشیروان و ئازاد هەورامی) بەدەم پیاسەکردنەوە گفتوگۆیان دەکرد.

لەنێوان کاتژمێری یازدە بۆ یازدەو نیو دەبوو گەیشتمە لایان، سڵاوم لێیان کرد، ڕێکەوت عوسمان منی بە ئازاد هەورامی ناساند، چونکە پێشتر لەگەڵ نەوشیروان مستەفا لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری هەمان ساڵ لە گوندی خەتێ یەکترمان ناسی. ڕێکەوت داوای یارمەتی کرد و لەوان جیابووەوە، چونکە دەیزانی من بۆ لای ئەو چوویمە، تەزکیەی ژمارەیەک هاوڕێیانی کۆمەڵەم دایێ کە چەند مانگێک دەبوو لە کەرکوکەوە هاتبوون بۆ دۆڵی بالیسان و لەوێ دەژیان.

ڕێکەوت کە تەزکیەکەی خوێندەوە بانگی ئازاد هەورامی کرد و بۆچوونی ئەوی وەرگرت بۆ ئەوەی بخرێنە سەر کام کەرتی ڕێکخستن (شەقڵاوە یان ڕواندز). ئازاد هەورامی تەزکیەکەی خوێندەوە و گوتی: (حاجی ئەکرەم لەگەڵ هاوڕێ مەلا غەفور و چەند کادیرێکی تری کەرتی شەقڵاوە بە کارێک چووینە دەشتی بتوێن و بۆ دوای نیوەڕۆ دەگەڕێنەوە، دوای نیوەڕۆ بەناوی منەوە بڕۆ لای حاجی ئەکرەم، ئەو هاوڕێیانەش لەگەڵ خۆت ببە و بە تەزکیەوە ڕادەستی حاجی ئەکرەمیان بکە).

410941971 .jpg

لەو قسانە بووین دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە هات، کە تا ئەوکاتە هەر سێکمان بە پیاسەوە قسەمان دەکرد، لەگەڵ زرمەکە هەموومان وەستاین بە نەوشیروانەوە، کە ئەو بەتەنیا لە نزیک ئێمە بە دەم جگەرە کێشانەوە پیاسەی دەکرد، یەکێک گوتی نزیک بوو، ئەوی تر گوتی لەوانەیە لە نزیک چوارقوڕنەو ڕانیە بێت، نەوشیروان گوتی: (لەوانەیە فڕۆکەی ئێراقی بێت و لە سەر دەریاچەی دوکان هەوای بەتاڵ کردبێتەوە)! هەر بۆ ماوەی دە خولەکێک یان تۆزێ زیاتر لای ئەوان مامەوە، ماڵئاواییم لێیان کرد و گەڕامەوە بۆ گوندی بالوکاوە (بەلاروکاوە)، دوای نانخواردنی نیوەڕۆ و پشوویەکی باش، لەگەڵ هاوڕێکانی ئەو شانەیەی ڕێکخستنەکان لە کەرکوک کە ژمارەیان پێنج بۆ شەش هاوڕێ دەبوو بەرەو بالیسان کەوتینە ڕێ. ئەو هاوڕێیانە شانەیەکی سەرەکی بوون لە کەرکوک و کاتی خۆی خۆم ئەوانم ڕێکخستبوو (ئازاد حەبیب کاکە حەمە، کامەرانی برای ئازاد، نازانم مەجید برای ئازاد لەگەڵ بوو یان ئەو دواتر هات، مۆفەق سەعید عەزیز، کەریم محەمەد عەزیز و نیهاد عومەر حەسەن پورزای مۆفەق بوو، ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی)، بەڵام سەر بە ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵە بوون تا دەرچوونیان لە ناوەڕاستی ساڵی (1983)دا.

شەهید ئازاد هەورامی بە منی گوت کە دوای نیوەڕۆ بچم، بەڵام کاتەکەم بیر نییە کە کاتژمێر دوو یان سێی دوای نیوەڕۆ بوو، هەرچەندە بە پێیان ڕۆیشتین بەڵام لەکاتی دیاری کراو گەیشتینە بالیسان و سەرەتا گەیشتینە مزگەوتی شرێمک کە یەکەم گەڕەکی بالیسانە کاتێک کە لە بالوکاوە (بەلاروکاوە) دەگەیتە ناو گوندی بالیسان. لە نزیک و ناو مزگەوتەکە کۆمەڵێک پێشمەرگە و دانیشتوانی بالیسان وەستابوون، دوای سڵاوکردن پرسیارمان کرد کە ئایە شتێک بووە، لە وەڵامدا گوتیان: (پێش نیوەڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە ئەو ناوەی هەژاند، ئەوە دەنگی تەقینەوەی مینێکی تانک بووە کە کاتی خۆی بۆ تانکی ڕژێم دانرایتەوەو هاوڕێ مەلا غەفور، حاجی ئەکرەم، مامۆستا شەوقی و شەش پێشمەرگەی تری کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە شەهید بووینە و شەشی تریش بریندار بووینە).

بەهۆی سەختی ڕێگاکە و زۆری سەرنشینانی ناو لاندکرۆزەرەکە، جەعفەر نازەنینی خاوەنی ئۆتۆمۆبێلەکە لە ڕێگاکە لادەدات بەنیازی ئەوەی کە ئۆتۆمۆبێلەکەی ئەوەندە ئەزیەت نەدات، کەچی لەپڕ مینێکی ساڵانی (1974-1975)ی پێشمەرگە کە بۆ تانک و زرێپۆشی ڕژێم دانرابووەوە، دوای ئاشبەتاڵ هەڵنەگیرابووەوە، بە لاندکرۆزەرەکەدا دەتەقێتەوەو نۆ پێشمەرگە شەهید و شەشیش بریندار دەکات. ماوەیەک پێشتریش مینێکی تر لە هەمان شوێن نزیک (قۆڕەبەرازە) لەژێر تراکتۆرێکدا تەقیبووەوە.

بەم هەواڵە هەموومان لە شوێنی خۆمان تاساین و شۆک گرتوو بووین، چەند مەترێک بەرەو مزگەوتەکە سەرکەوتین، بینیمان تەرمی نۆ پێشمەرگە لە بەردەم مزگەوتەکە دانراوە، دەیانویست ئاو گەرم بکەن، تەرمەکان بشۆن و بۆ کەسوکاریان بەرەو هەولێر بەڕێیان بکەنەوە. ماوەیەک هەموومان بێدەنگ بووین و بە غەمبارییەوە وەستاین، هەر سەیری یەکمان دەکرد و هیچ قسەمان بۆ نەدەهات. ڕۆژێکی ناخۆش و کارەساتێکی جەرگبری زۆر سەخت بوو، نیو کاتژمێرێک لەوێ وەستاین و هاوڕێکانی ڕێکخستن پرسیان مامۆستا چی بکەین؟ گوتم: (ئێمە بۆ ئەوە هاتین کە لەگەڵ حاجی ئەکرەم یەکتر ببینین، کەچی هاتینە سەر تەرمی خۆیی و هاوڕێکانی، تازە هیچمان پێ ناکرێت و دەبێ بگەڕێینەوە، بەڵام با بچینە ناو بالیسان بەڵکو ڕێکەوت عوسمان مەجید ببینین).

410911987 .jpg

چووینە ناو بالیسان، سەرتاپای بالیسان بە پێشمەرگە و دانیشوانەکەی لە غەمێکی قوڵدا بوون. زەردەخەنە لەسەر لێوی هەمووان تۆرابوو، زمانەکان لال ببوون، کەس قسەی بۆ نەدەهات، پێکەنین کۆچی کردبوو، وشە نەمابوو بۆ قسەکردن، ئای لەو ڕۆژە ناخۆشە. لە بالیسان چووینە بەردەم مزگەوتی بەگزادان کە خەڵکێکی زۆر لەوێ وەستابوون و بەرە بەرە خەڵکیش لە مزگەوتەکە دەهاتە دەرەوە. ئەو مزگەوتە لەگەڵ خوێندنگەی سەرەتایی و دواناوەندی بالیسان پێکەوە بوون، ئەو ڕۆژە نەوشیروان سیمینارێکی لەسەر گفتوگۆ هەبوو لەناو مزگەوتەکە، نازانم بۆ جەماوەر بوو، یان پێشمەرگە. گەیشتینە ئەوێ کۆبوونەوەکە تەواو بوو، خەڵک بەلێشاو لە کۆبوونەوەکە دەهاتە دەرەوە. کەمێک چاوەڕێمان کرد، ڕێکەوت عوسمان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هاتە دەرەوە و قسەم لەگەڵی کرد، ڕێکەوت گوتی: (تەزکیەکەم بدەرێ، چەند ڕۆژێکی تر خۆم کادیرێکی ڕێکخستن دەنێرمە لاتان و لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە بە یەکتریان بناسێنە، با لە کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە ڕێکیان بخات).

دوای نزیکەی دوو کاتژمێر مانەوەمان لە بالیسان، هەر بە هەمان ڕێگا گەڕاینەوە، تەرمەکان هێشتا هەر لە مزگەوتی شرێمک مابوون، جا نازانم هەر لەوێ تەرمەکانیان شووشت، یان دواتر بۆ مزگەوتی گەورە (بەگزادان) گواسترانەوەو لەوێ شۆردران، بەڵام ئەوەندە دەزانم بۆ بەیانی بەرەو هەولێر و شوێنی لەدایکبوونیان بەڕێ کرانەوە. نازانم هەر ئەو ڕۆژە بوو، یان لە چلەی ئەو شەهیدە بوو کە کەسوکاری خۆشم هاتبوون، کە زیاتر پێم وایە لە ڕۆژی چلەکە بوو، پێشمەرگەیەکیان نیشان دام کە لە هەمان ڕۆژی شەهیدبوونی ئەو نۆ پێشمەرگەیەدا، لە هەولێر جاسم هەینی عارەب ناسراو بە جاسمەکۆری لە هەولێر لە تۆڵەی شەهید کاوە مەخموری (عەبدولکەریم حوسێن مستەفا قادر/ 1957/ مەحسوناوە/ مەخمور/ هەولێر) کوشتبوو، کە ئێستاکە جاسمەکۆر شەهیدی سەنگەری پارتی دیموکراتی بارزانییە، جاسمەکۆر پێشتر لە ئێوارەی ڕۆژی (31.10.1983)دا لە بالیسان هاوڕێ کاوەی شەهید کردبوو، گەڕابووەوە ناو ڕژێم و کرابووە فەرماندەی مەفرەزە خاسەی ئەمن.

410846655 .jpg

دوای چەند ڕۆژێک مزەفەر کەریم سنجاوی کە کادیرێکی کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە بوو هات و ئەو هاوڕێیانەی لە کەرتەکەی خۆیان ڕێکخست و هەر خۆی سەرپەرشتی دەکردن.

بەڵێ سبەی چل ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهید کردنی ئەو نۆ هەڵۆ بەرزەفڕەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، چل ساڵە ئەو نۆ کادیر، ئەندام و پێشمەرگەی کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لەناوماندا نەماون، کە ئەوێ ڕۆژی و ئێستاش کۆمەڵە و کوردستان زۆر پێویستی بەو کەسە ڕۆشنبیر، خاکی، دڵسۆز، بەتوانا، هەڵگری بیروباوەڕی ڕەنجدەرانی بازوو هەبوو و هەیە. بەڵێ ئەم نۆ کەڵەپیاوە لە ڕۆژی (18.12.1983)دا لە نزیک گوندی قۆڕەبەرازە سەر بە شارەدێی حاجی ئاوا لە سنووری بتوێن کەوتنە سەر مینێکی کۆنی تانک و لەپێناو ئازادی، خۆشگوزەرانی ژیانی ڕەنجدەران و سەربەستی کوردستان کەم ژیان و کەڵ ژیان. هەروەها شەش هاوڕێیش بریندار بوون، ڕەوانشادەکان ئەمانەی خوارەوە بوون:

ئەبوبەکر محەمەد عەلی ئەحمەد مەولود ناسراو بە بەکر (1959/ هەولێر/ تەیراوە).

ئەکرەم عەزیز حوسێن عومەر ناسراو بە حاجی ئەکرەم (1954/ هەولێر/ قوشتەپە/ شێخانان)، ئەندام کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە، ئەو پێشتر لە ڕۆژی (12.08.1981)دا لە چالاکییەکی کەم وێنەدا بەهاوکاری چەند هاوڕێیەکی تری ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، سەد و هەشتا و شەش هەزار دیناری حکومەتی بەعسی بۆ شۆڕش هێنا، هەروەها لە ڕۆژی (24.12.1982)دا حاجی ئەکرەم و کۆمەڵێک پێشمەرگە لە دۆنگزاوە لە نزیک بەستۆرە دەکەونە بۆسەیەکی جاشەکانی (سەید قەهار و ڕەحمان بێشە) کە سێ پێشمەرگەی یەکێتی (جاسم عوسمان ئەحمەد ئەبوبەکر ناسراو بە جاسم گڕاوی (1.1.1965)، فوئاد سابیر نادر حەسەن عوبێد ناسراو بە فوئاد قەشقە و کەمال کەریم عەبدولڕەحیم ئیسماعیل ناسراو بە کەمال گڕاوی)، شەهید دەکەن و حاجی ئەکرەم و ئەحمەد ئیسماعیل عەبدوڵڵا ناسراو بە ئەحمەد هەنارەیی بریندار دەکەن، کە دواتر حاجی ئەکرەم بەرلەوەی برینەکەی بەتەواوی چاکبێتەوە ئەوجارەیان لە قۆڕەبەرازە شەهید کراو ئەحمەد هەنارەیی-ش لە ساڵی (1993)دا بە دەستی تیرۆریستانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە باغەمرە شەهید کرا.

410880226.jpg
  • جەعفەر مستەفا محەمەد (1953/ هەولێر/ نازەنین).
  • زاهیر عەبدوڵڵا خدر حەمەد (1959/ هەولێر/ خۆشناو/ بالیسان).
  • سابیر عەبدوڵڵا عەلی ئیبراهیم ناسراو بە ئاشتی (1954/ هەولێر/ قوشتەپە/ گۆمەگڕو).
  • سلێمان ئەحمەد قادر ئەمین ناسراو بە هاوار بادینی، ئەندازیار و کادیری کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە.
  • شەوقی عەباس کاکەشین شێخەڵڵا (1954/ هەولێر/ دیبەگە/ جاستان)، ئەندام کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە.
  • عەزیز خدر باوەکر شێخە ناسراو بە مەلا غەفور (1940/ عالاوە/ پیرمام/ هەولێر)، بەرپرسی کەرتی ڕێکخستنی شەقڵاوە.
  • وشیار خەزای مەحمود (1952/ هەولێر/ کۆیە)، کادیری ڕێکخستنی ناوشار لە کۆیە.
  • بریندارەکانیش بریتی بوون لە: (جەوهەر ڕۆمانی، شبیب عەبدولکەریم عەلی ناسراو بە هەژار (1957/ شەمامک/ دووگرتکان/ هەولێر)، عەباس محەمەد حوسێن ناسراو بە حاجی مەمۆ (1949/ عەوڵافات/ دیبەگە/ هەولێر)، عەبدولخالق حوسێن ئەحمەد ناسراو بە عەول (1959/ هەولێر)، مەهدی حامید مستەفا وسو کاوانی (1951/ کاوانیان/ شەقڵاوە/ هەولێر) و یاسین محەمەد عەلی ئەحمەد/ برای شەهید ئەبوبەکر/ 1961/ تەیراوە/ هەولێر).

دەرسیم پێشەوا


یەکشەممە (17.12.2023)

دانمارک

تێبینی/ وێنەی تەنیای سێ شەهیدم دەستکەوت بۆیە ئەوانەی ترم دانەناوە، هەرکاتێ ئەوانەی ترم دەستکەوت وێنەی ئەوانیش دادەنێم.